وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە تەیف سامی، وەزیری دارایی، بە فەرمانی دیوانی لەلایەن سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سودانییەوە، ڕاسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتی گواستنەوە.
تەیف سامی بە شێوەیەکی فەرمی وەک وەزیری گواستنەوە بە وەکالەت دەستبەکاربوو. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی حکومەتدایە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە وەزارییەکان و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی کارەکانی ئەو کەرتە هەستیارەی وڵات.
لە میانی دەستبەکاربوونیدا، تەیف سامی ئاماژەی بە گرنگیی قۆناغی داهاتوو کرد و جەختی لە پێویستیی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی گواستنەوە کردەوە. ئامانجی ئەم هەماهەنگییە ئاسانکارییە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە داراییەکان و خێراکردنی پڕۆسە خزمەتگوزارییەکان.
وەزیری نوێ بە وەکالەت ڕایگەیاند'' کارە لە پێشینەکانی، بەدواداچوونی ورد دەبێت بۆ دۆسیە خزمەتگوزارییەکان و ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە پەیوەستن بە کەرتی گواستنەوەوە. ئەمەش بە مەبەستی پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیانی عێراق.''