ئەنجومەنی باڵای دادوەری هۆشداری دەداتە هێزە سیاسییەکان

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، جەخت لە پێویستی پابەندبوونی تەواوی لایەنەکان دەکاتەوە بەو وادە و کاتە یاساییانەی لە دەستووردا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و کاندیدی سەرۆک وەزیران دیاریکراون. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٩ی کانونی دووەم، ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە سەرۆکایەتی دادوەر فایق زەیدان، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا تەوەرە سەرەکییەکان تایبەت بوون بە پاراستنی چوارچێوە دەستوورییەکان لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوای لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان کردووە کە ڕێز لە کاتە دیاریکراوەکان بگرن و هیچ جۆرە پێشێلکارییەک بەرامبەر دەستوور ئەنجام نەدەن. ئەم هەنگاوە وەک زامنی پاراستنی سەقامگیری سیاسی و بەردەوامی پڕۆسەی دیموکراسی لە وڵاتدا ناوبردراوە، تاوەکو دامەزراوەکان بتوانن لە کاتی خۆیاندا ئەرکەکانیان ڕابپەڕێنن.


لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، دادوەری باڵا ئاماژەی بەوە کردووە کە پابەندبوون بە دەستوور و یاساکان نەک تەنها ناوخۆ ڕێکدەخاتەوە، بەڵکو دەبێتە بەربەستێکی بەهێز بۆ ڕێگریکردن لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری سیاسی عێراقدا. جەختیش کراوەتەوە کە پاراستنی سەروەری یاسا ئەرکی هەموو لایەک و کلیلی سەقامگیرییە.

ئەمە لە کاتێکدایە، پۆستی سەرۆک کۆمار کە لە پشکی کوردە تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکنەکەوتون و بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو لە دانیشتنی پەرلەمان دەندگ بە سەرۆک کۆمار بدرێت.




PM:02:00:29/01/2026