بەشی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق داوا دەکات لە بانکەکان کە ڕۆژانی پشووی هەینی و شەممە مووچە دابەش بکەن و تائێستا چارەنووسی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێم نادیارە.
بۆ ڕێگریکردن لە هەر دواکەوتنێک و بەمەبەستی خێراکردنی پڕۆسەی گەیشتنی شایستە داراییەکان بە فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی ڕێنمایی نوێی دەرکردووە. بەپێی ڕێنماییەکان، ستافە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت لە ڕۆژانی پشووی فەرمیشدا (هەینی و شەممە) بەردەوام دەبن لە کارکردن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی لە کورتترین ماوەدا مووچە بگاتە دەستی مووچەخۆران.
وەزارەتی دارایی داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پسپۆڕانی دارایی دەکات، زانیارییەکان تەنها لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن. ئەم داواکارییە بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی زانیاری دروست و دوورکەوتنەوە لە هەر دەنگۆیەک دێت کە ببێتە هۆی دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتیان، جەختیش دەکەنەوە کە وەزارەت پابەندە بە شەفافیەت لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی تایبەت بە مووچە.
ئەمە لە کاتێکدایە، تەنها مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دابەشدەکرێت و تائێستا هیچ ئاسۆیک نییە کە کەی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش بکرێت، هەروەها، چارەنووسی مووچەکانی مانگی ١١ و ١٢ی ساڵی ڕابردووئ هەرێم نادیارە.