مالکی: پەشیمان نابمەوە.. ئەمڕۆ رۆژێکی یەکلاییکەرەوەیە بۆ شیعە

هاوپەیمانی شیعەی عێراق دوو رۆژی زۆر گرنگ و چارەنووسساز بەسەر دەبەن، لە کاتێکدا ١ی شوبات دەبێت سەرۆکی عێراق هەڵبژێردێ و سەرۆکی نوێش کاندیدی گەورەترین هاوپەیمانی نێو پەرلەمان کاندید بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ١٥ رۆژدا.

بەهۆی ناڕازیبوونی ئەمەریکا لە بارەی کاندیدکردنی نوری مالکیەوە فشارێکی گەورەی دەرەوەو ناو خودی شیعەش دروستبووە کە مالکی پاشەکشە بکات، بەیانی رۆژی شەممە دەنگۆی پاشەکشەکردنی لە میدیا عێراقییەکان بڵاوکرایەوە، بەلآم هەرزوو نوری مالکی رەتیکردەوەو نووسینگەکەی راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.

مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە وتی " دیاریکردنی حکومەت و سەرکردەکانمان پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت، ئێمە لەسەر ئەم ئیرادەیە بەردەوام دەبین و لێی پاشگەز نابینەوە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی " ڕێزگرتن لە ئیرادە و دیموکراسی و مافی گەلەکەمان بۆ دیاریکردنی سیستەمە سیاسییەکەی و سەرکردەکانی لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە، لای ئێمە بنەمایەکی نەگۆڕە و لەسەر ئەم ئیرادەیە بەردەوام دەبین و لێی پاشگەز نابینەوە".

لە بارەی پەیوەنی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتان، دەڵێت " 
خوازیاری بونیادنانی پەیوەندییەکی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی هاوسەنگین لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتە زلهێزەکان".

کۆتایی هەفتەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە میدیاکارانی راگەیاند کە ئەگەر نوری مالکی کاندیدبکرێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ئەوا ئەمەریکا هاوکاریی ئەو وڵاتە ناکات، ئەمەش بووە بە کێشەیەکی گەورە لە ناو شیعەو عێراقدا، لە کاتێکدا کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە و رۆژئاواو ئەمەریکا فشارێکی زۆریان خستۆتە سەر ئێران هاوپەیمانە ستراتیژیەکەی عێراق و ئەگەری وەشاندانی گورزی سەربازی لە ئێران و حەشدی شەعبیش لە عێراق کراوەیە.







PM:02:57:31/01/2026