عێراق تا ئێستا ٩٥٣ زیندانی داعشی لە سووریاوە وەرگرتووەتەوە و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کاروانێکی نوێی بگەنە خاکی عێراق.
میدیا عێراقیەکیان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆبڕیارە١٥٠ چەکدارەی داعش بگەڕێنەوە عێراق، زۆربەی ئەم زیندانیانە بیانی و ئەوروپین و تەنها ٣ کەسیان هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقین، کە لەناویاندا سەرکردەی باڵای ڕێکخراوەکە و ئەوانەی تێدایە کە پێشتر لە عێراقدا چەکدار بوون.
سوپای ئەمریکا و هێزە ئەمنییەکان پرۆسەی گواستنەوەکەیان خێرا کردووە، ئەمەش بەهۆی گرژییەکانی نێوان هەسەدە و سوپای سووریا و گروپە چەکدارەکان، کە مەترسییان لەسەر پاراستنی زیندانەکان دروست کردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەرچەندە نالەباری کەشوهەوا کەمێک پرۆسەکەی خاو کردووەتەوە، بەڵام گواستنەوەی سەرکردە مەترسیدارەکان لە کارە لەپێشینەکانە بۆ ڕێگری لە هەر هەڵاتنێک.
ئەمە لە کاتێکدایە، عێراق بە فەرمی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپا کردووە کە هاووڵاتییە چەکدارەکانیان ببەنەوە و لە وڵاتی ڕەسەنی خۆیان دادگاییان بکەن، بۆ ئەوەی چیتر مەترسی ئەمنی و بارگرانی دارایی بۆ سەر عێراق دروست نەکەن و ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بگیرێت.