ئەنجومەنی
باڵای دادوەری عێراق ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی ژمارەی زیندانیە گواستراوەکانی داعش
لە سوریاوە بۆ عێراق بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە کە ڕێکارە یاساییەکان بۆ
لێکۆڵینەوە دەستی پێکردوە.
دوو شەممە، ٢ شوبات
٢٠٢٦، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند "دادگای لێکۆڵینەوەی
یەکەمی کەرخ، بە چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی
لەگەڵ ئەو گروپە دەستپێکردووە، ژمارەیەک لە دادوەرانی پسپۆر لە بواری
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەرکی لێپرسینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکانیان لە ئەستۆ
گرتووە".
دادوەریی
عێراق باسی لەوەش کردوە کە چاوەڕوان دەکرێت کۆی گشتیی ئەو زیندانیانەی داعش لە سوریاوە
بۆ عێراق دەگوازرێنەوە، بگاتە زیاتر لە ٧ هەزار چەکدار، بۆ ئەم مەبەستەش
ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، خەریکی ئامادەکردنی هەموو ئەو
بەڵگە و دۆکیومێنتە ئەرشیفکراوانەیە کە تاوانەکانیان دەسەلمێنن، تاوەکو رادەستی
دادگاکانیان بکات.
دوای
هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر
کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوون لە ٦ کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە ناویشیاندا زیندانەکانی داعش،
بە پێی ڕێککەوتنێک لە نێوان هاوپەیمانان و سوریا و عێراق، ژمارەیەکی زۆر لە
زیندانیانی داعش دەگوازرێنەوە بۆ عێراق.