دوای تێکچوونی دۆخی ئەمنی سوریا بەهۆی هێرشەکانی هێزەکانی شەرعەوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، تا رۆژی هەینی ٦ ی شوبات ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەی داعش گوازراونەتەوە بۆ عێراق ٢٢٥٠ تۆمەتبارە.
ماڵپەڕی " سومەرییە نیوز " رۆژی ٦ ی شوبات بڵاویکردەوە " تا ئێستا ٢٢٥٠ چەکداری ڕێکخراوی داعش، کە عێراقی و سووری و ڕەگەزنامەی جیاوازیان تێدایە، گەیشتوونەتە عێراق."
هەروەها ڕوونیکردۆتەوە کە "پڕۆسەی گواستنەوەکە بە وشکانی و ئاسمانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە".
پێشتریش سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق ڕایگەیاندبوو، "ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە دێن، لە زیندانی قایم و پارێزراودا دادەنرێن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوانە لەسەر کەیسی تیرۆر لەلایەن عێراقەوە داواکراون".
بەپێی ئاژانسی فەرمی عێراق، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان وتووشیەتی"بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ ڕەزامەندیدان لەسەر گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بڕیارێکی گرنگ و بوێرانەیە، کە دوای گفتوگۆیەکی چڕ و وردبوونەوە لە تەواوی ڕەهەند و وردەکارییەکانی ئەو مەلەفە دراوە."
ڕوونیشی کردەوە: "بارودۆخی سووریا ناسەقامگیرە، ئەمەش وایکردووە مانەوەی ئەو دەستگیرکراوانە ببێتە مەترسییەکی ڕاستەقینە بەهۆی ترسی هەڵهاتن، یان چوونە دەرەوەیان لە کەمپی هۆل"، ئاماژەی بەوەش کرد "وەزارەتی داد پلانێکی گشتگیری هەیە بۆ جێگیرکردنیان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان."
سەباح نوعمان لە کۆتاییدا دەڵیت "پڕۆسەی دەستگیرکردنیان لە سووریا بەبێ بوونی لایەنی دادوەریی تایبەتمەند لەلایەن هێزەکانی (هەسەدە)وە ئەنجامدراوە، بۆیە ڕێکارە دادوەرییەکان لە ناوخۆی عێراق بەرامبەریان تەواو دەکرێت، چونکە ئەوان وەک داواکراو لەلایەن دادگای عێراقەوە و بەپێی فەرمانی فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."