ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان سەبارەت بە کێشە داراییەکانی عێراق و ئەگەر فەوتانی مووچە و دواکەوتنی لە عێراق قسەی کرد و دەڵێت "هەر دواکەوتنێکی سنووردار لە دابەشکردنی مووچەدا رووبدات، بە واتای قەیرانی دارایی نایەت".
شەممە، ٧ شوبات ٢٠٢٦، موزهر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "هۆکاری هەر دواکەوتنێک بۆ هەندێک رێکاری رێکخستنی و کارگێڕیی کاتی دەگەڕێتەوە کە تایبەتن بە میکانیزمەکانی خەرجکردن و بەڕێوەبردنی بابەتە داراییەکان".
" بنەمای گشتی ئەوەیە خەرجکردنی مووچە بەردەوام بێت، ئەگەر هەندێکجاریش جیاوازیی کات لە دابەشکردنی هەندێک وەزارەت رووبدات، ئەوە کارناکاتە سەر دۆخەکە بەشێوەیەکی گشتی و توانای وڵات بۆ دانی شایستەکان"، ڕاوێژکارە داراییەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق وادەڵێت.
قسەکانی ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران لە کاتێکدایە بە هۆی کێشەی نەختینەوە مانگی ڕابردوو مووچەی چەند وەزارەتێکی عێراق چەند ڕۆژێک دواکەوت.
مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە و ڕۆژی پێنج شەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٢٠ ملیار لە داهاتی نانەوتی ڕاوانەی بەغداد کرد و چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە مووچە بێت.