فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی بڵاوکردەوە، کە تەنها تایبەتە بە سوێندخواردنی چەند ئەندامێکی نوێ و دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەکان و بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە کارنامەکەدا نییە.
هاوکات، میدیا عێراقییەكان، باسیان لەوەکرد، بڕیارە سبەینێ لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەت (کورد، شیعە، سوننە) لە بەغداد کۆببنەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکە بۆ ئەو بەربەستانەی هاتوونەتە ڕێی دیاریکردنی هەردوو پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران.
لە لایەک پارتی و یەکێتی هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ئەگەری هەیە بە دوو کاندید بچنە پەرلەمان.
لە لایەکی تریشەوە ماڵی شیعە بەهۆی پێداگری نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان، تووشی دابەشبوونی قووڵ بوون ئەوانیش ناتوانن بگەنە ڕێککەوتن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ١١ی ١١ی ٢٠٢٥ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە و زیاتر لە ساڵێکیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە بەڵام تا ئێستا حکومەتی هیچ لایەک پێکنەهاتوە.