لە بازاڕەکانی عێراق کاسبکاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند و گردبوونەوە.
بە گوێرەی میدیا عێراقیەکان ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناوچە بازرگانییە گەورەکانی بەغدا دوکانەکان داخران، لەوانە ناوچەکانی شۆرجە، شەقامەکانی ڕەشید، ڕابیعی و سنەتی، هەروەها قەرادە و گۆڕەپانی پیروزی، هاوکات ژمارەیەک دوکاندار لە ناوچەی شۆرجە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
بازرگانان و دوکاندارەکان مانگرتنی گشتییان دەستپێکرد، کە بریتی بوو لە داخستنی ژمارەیەک بازاڕ لە ناوچە جیاجیاکانی بەغدا، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی، کە بە وتەی خۆیان کاریگەری نەرێنی لەسەر کڕین و فرۆشتنیان هەبووە .
بە وتەی ژمارەیەک لە کاسبکاران " بەهۆی ئەو باجە نوێیەوە نرخی کاڵاکان بەرزبووەتەوە و توانای کڕینی هاوڵاتیانی کەمکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی بازاڕەکان و وایکردووە خاوەن کارەکان زیانێکی زۆریان بەربکەوێت. جەختیشیان لەوە کردەوە کە مانگرتنەکە بە مەبەستی فشارخستنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بووە بۆ دووبارە سەیرکردنەوەی بڕیارەکە و دانانی میکانیزمی دادپەروەرانە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری، هاوکات بەردەوام دەبن لە مانگرتن تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت و دەرگای گفتوگۆ دەکرێتەوە".
بڕیارەکە دژایەتی بازرگانانی عێراقی لێکەوتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی کۆنتێنەری کاڵا لە بەندەرەکان و پەکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتی گشتی هەبووە و شارەزایان پێیان وایە ئەمە یەکێک بووە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت بۆ مانگی یەک.