دوای سەرهەڵدانی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لەلایەن بازرگانان و کاسبکارانەوە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە فەرمی داوای لە حکومەت کرد کارکردن بە بڕیاری نوێی زیادکردنی باجی گومرگی بۆ ماوەی سێ مانگ رابگرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە داوای لە حکومەتی عێراق کردووە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە ٩٥٧ی ساڵی ٢٠٢٥ی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ رابگیرێت.
ئامانج لەم داواکارییە رەخساندنی دەرفەتە بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بە نرخەکانی باجی گومرگی و جێگیرکردنی ڕێژەی ٥٪ بۆ بەشێک لەو کەرەستانەی کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان پێشنیاری کردووە باجی گومرگی لەسەر ئۆتۆمبێلە "هایبریدەکان" لە ١٥٪ کەمبکرێتەوە بۆ تەنها ٥٪.
ئەم هەنگاوە وەک پاڵپشتییەک بۆ پاراستنی ژینگە و هاندانی هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی سووتەمەنی کەمتر بەکاردەهێنن و دۆستی ژینگەن وەسف کراوە.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی پەرلەمان دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ یەکشەممە، دەیان بازرگان و خاوەن دوکان لە شەقامی "نیزاڵ" لەبەردەم بینای دەستەی گشتی گومرگ لە ناوەڕاستی بەغداد گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
خۆپیشاندەران جەختیان لەوە کردەوە کە باجە نوێیەکان لەگەڵ توانای کڕین و واقیعی بازاڕی ناوخۆیی ناگونجێت و داوای هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنەوەی بڕیارەکەیان کرد.
پێشتر حکومەتی عێراق بڕیارێکی دەرکردبوو بۆ بەرزکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان، کە ڕێژەکەی لە نێوان ٥٪ بۆ ٣٠٪ دیاری کرابوو.