نوری مالیکی: کاردەکەین بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا

نوری مالیکی، جەختدەکاتەوە لەوەی بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی کردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە. 

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە میانی پێشوازیکردنی لە ڤیکتۆریا تایلۆر جێگری یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئامادەیی عێراقی بۆ پاراستنی پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن دوپاتکردەوە.

نوری مالیکی لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوو وڵات خاوەنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژین و پێویستە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو ڕێککەوتنانە بە ئاراستەی بەرزکردنەوەی تواناکانی عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا کاراتر بکرێن.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا مالیکی جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی هاوبەشی ئابووری کردەوە وەک بنەمایەک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست. 

هەروەها ڕوونی کردەوە کە عێراق سیاسەتێکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پەیڕەو دەکات و هێزە نیشتمانییەکانیش لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ تەواوکردنی مەرجە دەستوورییەکان بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتیانی هەبێت.

لای خۆیەوە ڤیکتۆریا تایلۆر جەختی لە گرنگی و کاریگەری ڕۆڵی عێراق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە عێراق بەشدارێکی کارایە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی. 

ئەمە لە کاتێکدایە، نوری مالیکی خۆی پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێ عێراق کاندید کردوە و لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە توندی دژایەتی دەکات. 




PM:07:52:09/02/2026