ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌وسه‌ت: پێکهێنانی حکومەتی عێراق تاوەکو چەند مانگێکی دیکە دوادەکەوێت

پێشبینی دەکرێت "بەستەڵەکی سیاسی" لە عێراق بۆ چەند مانگێکی دیکە بەردەوام بێت، لایەنەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، ئەمەش پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی تەواو پەکخستووە.

ڕۆژنامەی  شه‌رق ئه‌وسه‌ت بڵاویکردەوە'' سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیان وایە چارەنووسی حکوومەت بەستراوەتەوە بە ئاستی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، لایەنە شیعەکان بە باشی درک بەوە دەکەن کە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر ناوخۆی عێراق.''

سەرەڕای کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار دواخراون. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە لایەنە کوردی و شیعەکان هێشتا کاتی زیاتریان دەوێت بۆ شکاندنی ئەو بەستەڵەکەی لە نێوانیاندا دروست بووە.

ناوەندی بڕیاری شیعەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، بەرەیەکیان بەهۆی ناڕەزایەتیی ئەمریکا دەیانەوێت جێگرەوەیەک بۆ نووری مالیکی بدۆزنەوە تا لە سزاکان بەدوور بن، لە بەرامبەردا بەرەیەکی تر سوورن لەسەر کاندیدکردنی و هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵات دادەنێن.




AM:10:30:10/02/2026