بەغدا بۆ هاکان فیدان: عێراق پێویستی بە ئامۆژگاری تۆ نییە و هەڕەشەت لێ قبوڵناکەین

لە وەڵامی لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا  پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادقوون لە بەیاننامەیەکدا وتی"  عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و زمانی هەڕەشە و گوڕەشە لە کەس قبوڵ ناکات".

حەبیب حەلاوی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادقوون لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی قسەکانی هاکان فیدانی دایەوە و رایگەیاند" ئەو لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەو زمانە هەڕەشەئامێزەی بەرامبەر عێراق بەکاری هێناوە، جارێکی دیکە ئەو ئەقڵییەتە خۆبەزلزانە دەردەخات کە نە وانەی لە مێژوو و نە لە ڕاستییە جوگرافییەکان وەرگرتووە و نازانیت مێژوو و جوگرافیا چییە".

ئاماژەی بەوەکردوە، عێراق وانە لە کەس وەرناگرێت و بە ئەقڵییەتی سەرپەرشتیار بەڕێوە ناچێت بەڵکو خۆی خاوەنی خۆیەتی.

ئەم قسانە لە وەڵامی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیایە کە دوێنی وتی" ٢٠ جار لەگەڵ حەشدی شەعبی دانیشتوین کە هێرش بکەینە سەر مەخمور و شنگاڵ و بەمزوانە گۆڕانکاری گەورە لێیان روودەدات و رایگەیاند" لەدەوای کۆاتییهاتنی ئەرکەکانیان لە سوریا دەستیان بەتاڵ دەبێت بۆ عێراق و نۆرەی عێراقە".

لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر قسەکانی فیدان، باڵوێزی تورکیا لە عێراق بانگهێشت دەکات.

 وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە کە وەزارەتی دەرەوە تێبینی و ناڕەزایەتییەکانی خۆی بە باڵیۆزی تورکیا ڕادەگەیاندووەو جەخت لە ڕەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی عێراق دەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی شوباتی ٢٠٢٦، میوانداریی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، "ئەنیل بۆرا ئینان"ی کرد لە بارەگای وەزارەت، ئەمەش لەسەر پاشخانی ئەو لێدوانانەی دوایی کە "هاکان فیدان" وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی CNNی تورکی لە ڕێکەوتی ٩ی شوباتی ٢٠٢٦ دابووی.

سەفیر "محەمەد حسێن بەحرولعولوم"، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، نیگەرانی و ناڕەزایەتی عێراقی بەرامبەر بەو لێدوانانە دەربڕی کە لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە و جەختی کردەوە کە ئەم لێدوانانە بە سوکایەتیکردن بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا دادەنرێت، هەروەها بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و تێپەڕاندنی عورفە دیپلۆماسییەکان هەژمار دەکرێت.
لە درێژەی ئەو راگەیاندنەدا کە وەزارەتی دەرەوە بڵاویکردۆتەوە، بەحرولعولوم جەختی کردەوە کە عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و خاوەن سیستمێکی سیاسی دیموکراسیی دەستوورییە و ناتوانرێت بەراورد بکرێت بەو دەوڵەتانەی تر کە خاوەن سیستمێکی سیاسی جیاوازن. 
سەبارەت بە کاروباری ناوخۆش، بریکاری وەزارەت دووپاتی کردەوە کە دۆسیەی شەنگال و سەرجەم ناوچەکانی تری عێراق پرسێکی نیشتمانیی تەواوەو و بەپێی ئەولەویەت و میکانیزمە نیشتمانییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و، جەختیشی " لە ڕەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی کردەوە بۆ سەپاندنی چارەسەر یان بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ کاریگەری سیاسی یان سەربازی".

بەپێی راگەیاندنەکەی وەزارەتی دەرەوە، "لای خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا ڕوونی کردەوە کە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە بەهۆی وەرگێڕانی نادروستەوە بە شێوەیەکی هەڵە لێی تێگەیشتوون، ئاماژەی بەوەش کرد کە قسەکانی وەزیر تایبەت بووە بە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) کە لە عێراقدا نیشتەجێن و هیچ پەیوەندییەکی بە کاروباری ناوخۆی عێراق یان هاووڵاتیانی عێراقییەوە نییە".

هاتووشە کە تورکیا جەختی کردۆتەوە کە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە عێراق جێگیرە و ڕێز لە سەروەرییەکەی دەگرێت و دەست لە کاروباری ناوخۆی وەرنادات.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، باڵیۆزی تورکیا جەختی لە پەرۆشی حکومەتەکەی کردەوە بۆ پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵوێست و تێبینییەکانی عێراق دەگەیەنێتە سەرکردایەتی وڵاتەکەی و جەختیشی لە گرنگی پاراستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دراوسێ بکات.





AM:11:49:11/02/2026