پەرلەمانتار محەمەد خەفاجی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند" دادگای باڵای فیدراڵی داواکارییەکی ڕەتکردەوە کە لە دژی بڕیاری ٩٥٧ سەبارەت بە زیادکردنی باجی گومرگی تۆمارکرابوو".
مەحەمەد خەفاجی ئەمڕۆ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی" داوای یاسایی سەبارەت بە زیادکردنی باجی گومرگی بەهۆی نەبوونی سوودی شەرعی ڕەتکرایەوە".
بە پێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕێژەی ٥٪ تا ٣٠٪ باجی گومرگی سەر شمەک و کاڵا و پێداویستی هاوردەکراو زیاد دەکرێت.
ڕۆژی هەشتەمی شوبات دەیان کاسبکار و دوکاندار لە بەغدای پایتەخت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران ئاڵای عێراقیان بەرزکردەوە و دروشمی ئیدانەکردنی ڕێوشوێنەکانی ئەم دواییەیان بەرزکردەوە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو ڕێوشوێنانە بارگرانییان لەسەر دروستکردووە و تێچووی هاوردەکردنیان زیادکردووە و چالاکییەکانی بازاڕکردن لە بازاڕەکاندا کەمکردووەتەوە.
حکوومەتی عێراق باجی گومرگی بە ڕێژەی لەسەدا ٥ بۆ ٣٠ زیاد کرد، کە بەسەر پۆلەکانی ٥ و ١٠ و١٥% دابەش دەکرێت تا زۆرترین ڕێژەی گومرگی ٣٠%.
ئەم ڕێژانە تەواوی لیستی باجی گومرگی دەگرێتەوە کە ٩٩ بابەتی گومرگی و نزیکەی ١٦٤٠٠ بابەتی گومرگی لەخۆدەگرێت، کە لە بازرگانی جیهانیدا وەرگیراون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی وەزارەتی دارایی فەرمانێکی دەرکرد و ڕێژەی کەمکردنەوەی ٢٥%ی بەسەر تێکڕای بەهای هاوردەکردندا سەپاند کە لە سیستەمی ئاسیکودا تۆمارکراون.