وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا لە بارەی قسەکانی هاکان فیدانەوە ڕونکردنەوە دەدات و ڕەتی دەکاتەوە کە دەستێوەردانیان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق کردبێت و دەڵیت "شرۆڤەی هەڵە بۆ قسەکانی کراوە و میدیای عێراق شێواندویانە".
چوار شەممە، ١١ شوبات ٢٠٢٦، ئۆنجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند "بەشێک لە لێدوانەکانی فیدان لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لە ٩ـی شوبات، لە لایەن هەندێک دەزگای راگەیاندنی عێراقەوە شێوێندراون".
"لێدوانەکانی فیدان لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە هاوکاریی هاوبەش بووە و مەبەست لێی راکێشانی سەرنج بووە بۆ ئەو مەترسییەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر خاکی عێراق و ئاسایشەکەی دروستی کردووە، بە تایبەتی لە ناوچەکانی شەنگال، مەخموور و قەندیل کە تیایدا جێگیر بوون" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وا دەڵێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی شوباتی ٢٠٢٦، میوانداریی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، "ئەنیل بۆرا ئینان"ی کرد لە بارەگای وەزارەت، ئەمەش لەسەر پاشخانی ئەو لێدوانانەی دوایی کە "هاکان فیدان" وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی CNNی تورکی لە ڕێکەوتی ٩ی شوباتی ٢٠٢٦ دابووی.