وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) زانیاری لە بارەی ژمارە و پرۆسەی چاودێری ئەو زیندانیانەی داعش ئاشکراکرد کە لە سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق.
هەینی، ١٣ شوبات ٢٠٢٦، ئەحمەد لەعێبی، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند "ڕێکارە حکومییەکان سەبارەت بە گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق تەواو بوون، ژمارەی ئەو زیندانیانەی تا ئێستا گواستراونەتەوە گەیشتووەتە ٥ هەزار و ٦٤چەکدار لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٢٧٠یان عێراقین، هەروەها زیاتر لە ٣ هەزار چەکداریان هەڵگری رەگەزنامەی سوورین و ئەوانیتر خەڵکی وڵاتانی دیکەن".
ئەحمەد لەعێبی، سەبارەت بە پرۆسەی لێكۆڵینەوە لەو زیندانیانە وتی "سەرجەم چەکدارەکان لە یەک زینداندا کۆکراونەتەوە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و بەپێی یاسای عێراق دادگایی دەکرێن و عێراق ئەندامێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بۆ شەڕی دژ بە داعش و حەواندنەوە و دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە لەسەر داوای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووە".
دوای هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بۆ ئەو ناوچانەی لە باکور و خۆرهەڵاتی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)بوون لە ٦ کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بە دواوە، زیندانییەکانی داعش لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە نەمان، وەک ڕێکارێكیش بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو زیندانیانە، هاوپەیمانان گواستونیانەتەوە بۆ عێراق.