عێراق.. دەوروبەری بەعقووبە بۆردومان دەکرێت

دەوروبەری بەعقووبە بە چوار گولەهاوەن دەکرێتە ئامانج و دۆخی ئەمنی ناوچەکەش ناجێگیرە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە شەوی ڕابردوو ناوچەی "بەدعە" لە دەوروبەری شارەدێی کەنعان کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری بەعقووبە بە چوار گولەهاوەن کراوەتە ئامانج و هەرچەندە سەرچاوەی هاوێشتنی گولەهاوەنەکان تا ئێستە بە نادیاری ماوەتەوە بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و تەنیا بووەتە هۆی تێکدانی ئارامیی ناوچەکە و ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانەکەی دروست کردووە
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش داوە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە دۆخی ئەمنی ناوچەکانی دەوروبەری کەنعان تا دەگاتە سنووری "قەمبەر و بەدعە" ئاڵۆزیی و ناسەقامگیریی بەخۆیەوە بینیوە چونکە پێشتریش چەندین جار بە مووشەکی (RPG-7) و چەکی جۆراوجۆری مامناوەند هێرش کراوەتە سەر ئەو سنوورە و ئەمەش وای کردووە هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانە بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر تێکدانێکی سەقامگیری




PM:03:46:13/02/2026