دەستەی حەشدی شەعبی بۆ تورکیا: دەستێوەردانی دەرەکی ڕەتدەکەینەوە


دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە  کۆبونەوەی سەرۆکی دەستەکە لەگەڵ باڵێۆزی تورکیا لە عێراق بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "عێراق هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا رەتدەکاتەوە".

شەممە، ١٤ شوبات ٢٠٢٦، دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند "فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا، پێشوازی لە ئانیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەکەدا پرسی هاوکارییە ئەمنییەکان و لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی تورکیا تاوتوێ کران".

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە فالح فەیاز جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان بەغداد و ئەنکەرە کردووەتەوە، هاوکات ئاماژەی بە پێویستیی رێزگرتن لە نەریتە دیپلۆماسییەکان کردووە، بەتایبەتی دوای ئەو لێدوانانەی کە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزیری دەرەوەی تورکیاوە درابوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە باڵیۆزی تورکیای وتوە "عێراق هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا رەتدەکاتەوە، دەبێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی خاک بێت و هەردوولا بە تەواوی رێز لە حکوومەت و پرسە نیشتمانییەکانی یەکدی بگرن".

،هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ٩ شوبات لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی CNN TURK وتوبی "هیوادارم لە عێراق وانە لە سوریا وەربگرن و بڕیارێکی ژیرانەتر بدەن" و حکومەتی عێراقی بەوە تۆمەتبار کردبوو رێگە دەدات خاکەکەی داگیر بکرێت.




PM:06:22:14/02/2026