لە نوێترین لێدواندا سەبارەت بە ئایندەی سیاسی عێراق، عەبدولسەمەد زەرکوشی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند'' هێزەکانی ناو چوارچێوەکە هیچ جۆرە بیرۆکەیەکیان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی حکومەتەکەی ئێستای محەمەد شیاع سودانی بۆ ساڵێکی تر نییە.''
زەرکوشی جەختی لەوە کردەوە، ئەو هەواڵانەی لە سۆشیال میدیا و هەندێک ماڵپەڕی هەواڵیدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی بەرایی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی حکومەت بڵاودەبنەوە، بە تەواوی دوورن لە ڕاستی و بێ بنەمان.
ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بابەتە لە هیچ کام لە کۆبوونەوە فەرمییەکانی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا باس نەکراوە و تەنها لە چوارچێوەی شیکاری ناڕاستدا دەمێنێتەوە.
ئەم ئەندامەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو جۆرە قسانەی بە "گەمژەیی سیاسی" وەسف کرد، چونکە بە وتەی ئەو ڕاست نییە.
دووپاتی کردەوە کە پڕۆسەی سیاسی ڕێڕەوی خۆی وەردەگرێت و هیچ لارییەک لە تەواوبوونی ئەرکی حکومەتەکەی ئێستا لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا نییە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، زەرکوشی ڕایگەیاند'' هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری کۆتایی خۆیان داوە و نوری مالیکی وەک کاندیدی یەکەم و کۆتایی ئەوان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەمێنێتەوە.''
وتیشی'' سەرجەم لایەنەکان پابەندی ئەم بڕیارەن و تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستیاندا ڕووی نەداوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێگەی بەهێزی مالیکی لەناو ماڵی شیعەدا.''