لە چوارچێوەی پلانی کەمکردنەوەی خەرجییەکاندا کۆتایی بە گرێبەستی کارکردنی ژمارەیەک ڕاوێژکار و شارەزای نووسینگەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هێنرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێنمایییەکانی محەمەد شیاع سوودانیدا بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و چالاککردنی ئەدا و کارکردن، چەند هەنگاوێکیان بۆ تێکەڵکردن و ڕێکخستنەوە لەناو پێکهاتە و جومگەکانی نووسینگەی سەرۆک وەزیراندا گرتووەتەبەر.
ئەوەشی خستەڕوو کە لەو چوارچێوەیەشدا کۆتاییان هێناوە بە گرێبەستی ژمارەیەک ڕاوێژکار و شارەزا کە پێشتر ئەرکی بەڕێوەبردن و بەدواداچوونی چەندین دۆسیەی گرنگ و هەستیاریان پێسپێردرابوو لە بوارەکانی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەتدا کە ڕێژەی تەواوبوونی گشتییان گەیشتووەتە ٨٨٪.
نووسینگەی سەرۆک وەزیران ڕاشیگەیاند "کە هەوڵەکانی ئەو ڕاوێژکار و شارەزایانە و هەموو ئەو کارمەندانەی لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکاندا کاریان کردووە، بەرزدەنرخێنن."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە نووسینگەی سەرۆک وەزیران کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە زۆربەی بەشەکانی بودجەی کارپێکردنی نووسینگەکەدا گرتووەتەبەر.
هەوروەها هاتووەش" کە محەمەد شیاع سوودانی، جەخت لەسەر هەموو دامەزراوە حکومییەکان دەکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە لەم بارەیەوە دەرچوون، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕوونی خەرجییەکان و سوودوەرگرتنی تەواو لە تواناکانیان".