عەلاوی: عێراق لە ئێستادا لەبەردەم لێواری هەڵدێردایە

وەزیری پێشووی گواستنەوە و راسپێردراوی پێشوتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، هۆشدارییەکی توند لەبارەی بارودۆخی دارایی‌ و ئابووری وڵات دەدات‌ و ڕایدەگەیەنێت، عێراق لە ئێستادا لەبەردەم لێواری هەڵدێردایە.

محەمەد تۆفیق عەلاوی، وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییدا ڕایگەیاند"  نیشانەکانی ئەم قەیرانە لە ئێستاوە دەرکەوتوون، لەوانە بڕینی دەرماڵەکان‌ و کەمکردنەوەی مووچەو زیادکردنی باجی گومرگی، کە بوونەتە هۆی دروستبونی ناڕەزایەتی‌ و مانگرتن لەشەقامەکاندا".

ئەو پێیوایە داهاتووی وڵات بەرەو خراپتر دەچێت‌ و هەر مانگێک لە مانگی پێشوو سەختتر دەبێت، چونکە هاوکێشەی دارایی وڵات زۆر سادەیەو بریتییە لەناهاوسەنگییەکی گەورە لە نێوان داهات‌ و خەرجییەکاندا، بەجۆرێک کە خەرجییەکان زۆر زیاترن لەو داهاتەی دەستدەکەوێت.


 عەلاوی دەڵێت" هێشتا هیوایەکی گەورە ماوە بۆ ڕزگاربوون‌ و دوورکەوتنەوە لەو هەڵدێرە، بەڵام ئەمە پێویستی بەگرتنەبەری سیاسیەتێکی نوێ‌ و پلانێکی جیاوازو تێکۆشانێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەر بەو داڕمانە ئابوورییە بگیرێت کە هەڕەشە لە داهاتووی عێراق‌ و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان دەکات، چونکە بەردەوامبوون لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە".



AM:11:51:16/02/2026