بانکی ناوەندی عێراق: جیاوازی نییە لە نێوان دۆلاری سپی و شین و بەهەمان نرخن


بانکی ناوەندی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاراستەی سەرجەم بانکە رێپێدراوەکان و دامەزراوە داراییە ناحکومییەکانی کرد و جەختی لەسەر گرنگی نەهێشتنی دیاردەی جیاکاریی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی لە نێوان چاپە کۆن و نوێیەکاندا کردەوە.

دوو شەممە، ١٦ شوبات ٢٠٢٦، بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند "پێویستە هەموو بانکەکان پابەندبن بە رێنماییەکانی مامەڵەکردن و گۆڕینەوەی دراوەکان، بەتایبەتی دۆلاری ئەمریکی، بەو شێوەیەی کە لە پێوەرە پەسەندکراوەکاندا هاتووە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی مامەڵە نەقدییەکان و جێگیریی بازار".

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا هاتوە بە پێی رێنماییەکان هیچ جیاکارییەک لە نێوان چاپە جیاوازەکانی دۆلاری ئەمریکیدا ناکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە دا کە بانک بەردەوامە لە وەرگرتنی ئەو چاپانە و مامەڵەکردن پێیانەوە لە رێگای هەموو بانکە رێپێدراوەکانەوە، بەو مەرجەی چاپەکان لە چوارچێوەی پێوەر و رێسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا بن. 

لە کۆتایشدا بانکی ناوەندی وتویەتی "ئەم روونکردنەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ بەهێزکردنی شەفافیەت و ڕێکخستنی کەرتی بانکی، لەگەڵ پاراستنی مافی مامەڵەکاران و پشتگیریکردنی سەقامگیری نەقدی و دارایی لە عێراقدا". 




PM:02:55:16/02/2026