كۆبوونه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ كاتێكی نادیار دواخرا

نووسینگەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە فەرمی ڕایگەیاند'' ئەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان کە بڕیاربوو کاتژمێر ٨:٠٠ی شەوی دووشەممە بەڕێوەبچێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.''

 یاسر تەڵاڵ، لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاربوو سەرکردەکانی چوارچێوە لە نوسینگەی هومام حەمودی کۆببنەوە، بەڵام بەهۆکارێکی نادیار و بەبێ دیاریکردنی ژوانێکی نوێ، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دیدارەکە دراوە.

هەرچەندە بە فەرمی هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کێشەی سەرەکی پەیوەندی بە پرسی کاندیدکردنی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساوە هەیە. 

ئەم بابەتە دوای ئەوە ئاڵۆزتر بوو کە دەنگۆی ڤیتۆی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر کاندیدبوونی ناوبراو بڵاوکرایەوە، ئەمەش شەپۆلێکی نوێی لە ناکۆکی و گرژی لە نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی ناو ماڵی شیعەدا دروستکردووە و بووەتە بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

سەرهەڵدانی ناوی نوری مالیکی وەک کاندید و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بەو هەنگاوە، هاوکێشە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی گۆڕیوە. 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەردەوامیی دواخستنی کۆبوونەوەکان و ئاشکرانەکردنی هۆکارە ڕاستەقینەکان، ئاماژەیە بۆ بوونی درزێکی قووڵ لە نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا سەبارەت بە داهاتووی سیاسی وڵات. 

چاودێران پێیان وایە تا ئەو کاتەی لایەنە شیعەکان نەگەنە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر کاندیدێکی پەسەندکراو بۆ هەموو لایەک، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت و جێگیرکردنی سەقامگیری سیاسی لە عێراقدا بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە و ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانی زیاتر لە ئارادایە.




PM:10:34:16/02/2026