هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە فەرمی کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا، کە باس لە کشاندنەوەی نووری مالیکی دەکەن لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەخت لەوەش دەکاتەوە، گۆڕینی ناوبراو " مەحاڵە".
جاسم محەمەد جەعفەر، سەرکردەی دیاری دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا مەرجێکی قورسی بۆ هەر ئەگەرێکی گۆڕانکاری خستەڕوو، ئەو ڕایگەیاند '' دەستبەرداربوون لە مالیکی تەنها بە بڕیارێکی تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێت، ئەویش بە مەرجێک ٨٠٪ـی سەرکردەکانی چوارچێوە لەسەر کاندیدێکی جێگرەوە کۆدەنگ بن، مەرجێک کە بە دیفاکتۆ گۆڕینی مالیکی دەکاتە ئاستەم".
ئەو سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا، داوا لە هاوپەیمانە شیعەکان دەکات، ' خاوەنی بڕیاری بوێرانە بن ' و دۆسیەی کاندیدکردنی مالیکی یەکلابکەنەوە.
ناوبراو هۆشداریشیدا لەوەی، نابێت چوارچێوەی هەماهەنگی دوودڵ بێت یان پاساوی "پێکهاتەکانی دیکە و لایەنە دەرەکییەکان” بکاتە بیانوو بۆ دواخستنی بڕیارەکە.
لەلایەکی دیکەوە، هیشام ڕوکابی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی نوری مالیکی، هەڵمەتێکی میدیایی بە 'چەواشەکار ' وەسف کرد، بانگەشەی کشاندنەوەی مالیکی دەکەن.
ڕوکابی لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (X) نووسیویەتی" ئەو هەواڵانەی باس لە خستنەرووی ناوی جێگرەوە دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە و چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندە بە هەڵوێستە سیاسییە چەسپاوەکانی خۆیەوە".
ئەم لێدوانانەی دەوڵەتی یاسا لە کاتێکدایە، کە ململانێکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ پێ دەنێنە قۆناغێکی هەستیارەوە و هێشتا گرێکوێرەی پۆستی سەرۆک وەزیران بەنەکراوەیی ماوەتەوە و پارتی و یەکێتیش لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتوون.