وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی کاندیدکردنی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی حکومەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق " نەگۆڕە" و ئاماژەی بە ڕێوشوێنی دیپلۆماسی بەهێز کرد لە ئەگەری پەیڕەوی ئەم بژاردەیە.
ڕۆژی چوارشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند" سەرۆک ترەمپ بە ڕوونی قسەی کردووە، هەڵبژاردنی نوری مالیکی وەک سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، ئیدارەی ئەمریکا ناچار دەکات هەڵسەنگاندنی دووبارە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق بکاتەوە".
لە وەڵامی پرسیارەکاندا سەبارەت بە وادە و گۆڕینی هەڵوێست ئاماژەی بەوەدا کە ستانداردەکانی ئەمریکا نەگۆڕاوە و هەڵبژاردنی مالیکی دەبێتە هۆی "دەرئەنجامێکی نەرێنی بۆ گەلی عێراق".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سێ خاڵی سەرەکی هەڵوێستی ئێستای خۆی خستەڕوو:
یەکەم: پێویستی کۆتاییهێنان بە هەژموونی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەی کە دروستی دەکەن.
دووەم: هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی نفوزی ئێران لە بەشە جۆربەجۆرەکانی حکومەتدا.
سێیەم: هەوڵدان بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێزی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئەو هاوبەشانەی کەئامانجەکانی واشنتۆنن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆتایی وەڵامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا "بەدوای هاوبەشێکدا دەگەڕێت کە هاوبەشی ئەم ئامانجانە بن"، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە بۆ بەردەوامبوونی گومان لە گەڕانەوەی مالیکی بۆ دەسەڵات.
ئومو لو کاتێکدایە کە چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێزە سیاسییە شیعەکانی حوکمڕانی عێراق لەخۆدەگرێت، لەسەر کاندیدکردنی مالیکی بۆ حکومەتی داهاتوو رژدە، لەکاتێکدا هۆشدارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی بەردەوامە و ئەمەش وایکردووە هێزەکانی ناو هاوپەیمانی هەوڵی ڕازیکردنی بدەن بۆ کشانەوەی کاندیدبوونی لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی چوارچێوەکەدا، هاوکات مالیکی پێداگری لەسەر کاندیدبوونی خۆی دەکات و پێی وایە هەڵوەشاندنەوەی بە بڕیارێکی فەرمی هاوپەیمانی ئەنجام بدرێت.
پەرەسەندنی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق هاوتەریبە لەگەڵ هەڕەشەی ئاشکرای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ڕەخنەی لە شێوازی بەڕیوبردنی حکومەت هەیە لە دورەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی مالیکی.