چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران دەدات


بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ـی شوباتی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام بدەن و بڕیاری کۆتایی لەبارەی کاندیدی سەرۆک وەزیرانەوە بدەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا مکوڕە لەسەر کاندیدنەکردنی نوری مالکی.
 
لە چەندان سەرچاوەی بەرپرسەوە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە" لە چەند رۆژی رابردوودا چەندا کۆبوونەوە راوێژکاری لەنێوان ئەو لایەنانەدا کراوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات کۆبوونەوەی فراوان ئەنجام بدرێت و بڕیاری کۆتایی لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران بدرێت، کۆبوونەوەکەش ئەمڕۆ چوار شەممە دەبێت."

ئەمەریکا لە کەناڵە تایبەتەکانەوە مکوڕی خۆی دووپاتکردۆتەوە لەسەر رەتکردنەوەی نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

ئەو میدیانە ئاماژە بەوە دەکەن ئەمەریکا داوایکردووە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا کاندیدێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریبکرێت. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەدوا بەیاننامەیدا رایگەیاندووە "  کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت، واشنتن ناچار دەکات بە تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق هەڵبسەنگێنێتەوە."




PM:03:49:18/02/2026