نوری مالیکی: عێراق توانای هەنگاونانی بەرەو سەقامگیری و چاکسازی هەیە

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد. مالیکی لە پەیامەکەیدا هیوای خواست ئەم مانگە ببێتە وێستگەیەک بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و چەسپاندنی بەهاکانی هاودەنگی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا. 

نوری مالیکی، ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق بەهۆی قوربانیدانی ڕۆڵەکانی و خوێنی شەهیدانەوە توانی بەسەر تیرۆردا سەربکەوێت، ئێستاش کاتی ئەوەیە بە جێگیری بەرەو ئاوەدانکردنەوە و چاکسازیی ڕاستەقینە هەنگاو بنێت.

 ئەم پەیامە ئارامەی مالیکی لە کاتێکدایە کە کار بۆ گەڕانەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەکات، کە پێشتر لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ لەو پۆستەدا بوو، مانگی ڕابردوو لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بە فەرمی کاندید کرا، بەڵام پرۆسەی دەستبەکاربوونی ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە بووەتەوە. 

لە ئێستادا، مالیکی هەوڵ دەدات وێنەیەکی نوێ لە خۆی نیشان بدات کە تێیدا بێلایەنیی خۆی لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بپارێزێت و ئەو تۆمەتانە ڕەتبکاتەوە کە دەڵێن تەنیا دڵسۆزی تارانە.




PM:12:36:19/02/2026