عێراق.. دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ٢ دەکرێت

لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو کرا لە کاتێکدا  چارەنووسی مووچەی هەرێم بەستراوەتەوە بە ١٢٠ ملیار دینارەکەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی عێراق کرد. چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان لە بەغداد، پرۆسەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەستپێبکات، بەڵام چەند مەرج و ڕێکارێکی تەکنیکی لەبەردەمدایە.

بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی دوو (شوبات) ڕەوانەی بەغداد بکات بۆ وردبینیکردن. و بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی ناوەندی بەغداد جەختی کردووەتەوە کە تاوەکو هەرێمی کوردستان بڕی ١٢٠ ملیار دینار (داهاتی نانەوتی) ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی نەکات، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێردرێت.

بەهۆی ئەم ڕێکارە نوێیانە و وردبینییەکان، پێشبینی دەکرێت لە تەواوی مانگی ڕەمەزاندا تەنها یەک مووچە دابەش بکرێت و مووچەی دووەم بکەوێتە دوای جەژنی ڕەمەزان.

ئەم دواکەوتنە لە کاتێکدایە کە هاووڵاتیانی هەرێم لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندان و بژێوی ژیانیان ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە گەیشتنی پارە لە بەغدادەوە، کە ئێستا مەرجدار کراوە بە ڕادەستکردنی داهاتە ناوخۆییەکان.




PM:04:31:19/02/2026