وەزارەتی بازرگانی عێراق، سەبارەت بە زیادکردنی پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ئامانج لە بڕیارەکە پاڵپشتی بودجەی گشتی و چارەسەری کرێی گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە ماددە خۆراکییەکان بووە".
محەمەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان، پێنج شەممە، ٢٠ شوبات ٢٠٢٦، ڕایگەیاند "بڕیاری زیادکردنی پارەی بەشەخۆراکی مانگانە لە ٥٠٠ دینارەوە بۆ هەزار دینار لەلایەن ئەنجوومەنی وزاریی بۆ ئابوری و لەسەر ڕاسپاردەی لیژنەی تایبەتمەند بووە".
سەبارەت بە ئامانجی بڕیارەکە و پاڵپشتیکردن لە بریکارەکانی خۆراک، وتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانی وتویەتی "ئامانج لە بڕیارەکە پاڵپشتی بودجەی گشتی و چارەسەری کرێی گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە مادە خۆراکییەکان بووە، هاوکات حکومەت بۆ پاڵپشتیی بریکارانی خۆراک بڕیاریداوە بە زیادکردنی کرێی بریکارەکان لە ٥٠ دینارەوە بۆ ٢٥٠ دینار بۆ هەر سەبەتەیەکی خۆراک".
هەر بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ٣٩ ملیۆن هاوڵاتی لە فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمارکراون، بەشێوەیەکی ئەزموونیش پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ٣٥٠ بریکاری خۆراک لە بەغداد دەستیپێکردووە، بە ئامانجی گشتاندنی لە داهاتوودا.