کەشناسی عێراق هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلێکی جەمسەری سارد بۆ ناو بەرگەهەوای وڵات لە کۆتا ڕۆژەکانی ئەم مانگەدا و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شەپۆلە کەشوهەوای سەختی زستانە دەهێنێت و دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاجیاکان.
لە راگەیەنراوێکدا کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە کە " پێشبینییە کەشناسیەکان، بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی نەخشە ئاست بەرزەکان و جوڵەی بارستە هەواییەکان، ئاماژەن بۆ قووڵبوونەوەی کۆڵی سارد لە بەرگەهەوای سەرەوە، کە ڕێگە بە هەوای جەمسەرییەکان دەدات ڕاستەوخۆ و بە کاریگەرییەکی ڕوون بچێتە ناو ناوچەکەوە".
ڕوونیشیکردەوە، دابەزینی پلەکانی گەرما سەرەتا شارەکانی باکور و ڕۆژئاوا دەگرێتەوە، دواتریش بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و بەشێکی باشوور بڵاودەبێتەوە و لە شەویشدا بەتایبەتی لە ناوچە بیابانییەکان و ناوچەکانی ڕووبەڕووی خۆر، کەش و هەوای سارد تا زۆر ساردمان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، جیاوازی پلەکانی گەرمای شەو و ڕۆژ تەواو دیار دەبێت، ئەمەش هەستکردن بە سەرما زیاد دەکات، بەتایبەتی لەگەڵ چالاکیی بای باکووری ڕۆژئاوا کە شەپۆلەکانی لەگەڵدایە.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی عێراق ئەم دۆخە هەلی بارانبارینی پەرشوبڵاوی لەگەڵدا بێت لە هەندێک ناوچە، کە زیاتر لە باکور و بەشێکی ناوچەکانی ڕۆژئاوا چڕبوونەتەوە، هەروەها ئەگەر کەش و هەوا ڕوون بێت و با ئارام بێت، ئەگەری دروستبوونی بەستەڵەک هەیە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا، کە پێویستی بە گرنگیدانی تایبەتی جووتیاران و ئاژەڵداران هەیە بەهۆی کاریگەریی ڕاستەوخۆی سەرمایەکی توند لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵەکان.
ئەوەشی خەستەڕوو بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی زستانی درەنگ بەڵام بەهێز بووەتەوە، کەشوهەوای سەختی زستانە دەگەڕێنێتەوە لە کاتێکدا زۆرێک پێیان وایە سەرما بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، و ڕۆژانی سارد لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە پێویستی بە ئامادەکارییەکی باش هەیە بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەرییەکانی دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرمی.