سەڕەرای نیگەرانییەکانی لە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و ئەمریکا و کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان و بەتایبەتی عێراق و هۆشداری ئابووریناسان، پەرلەمانتارێکی عێراقی رەتی دەکاتەوە کە عێراق کێشەی نەختینەی هەبێت و دەڵێت" ئەو نیگەرانیانەی وروژێنراون پەیوەندییان بە ئەگەرەکانی داهاتووەوە هەیە".
جاسم عەلاوی، پەرلەمانتاری عێراق بە رۆژنامەی (الصباح)ی راگەیاند" دۆخی دارایی جێگیرە، یەدەگی دراوی بیانی عێراق لە ئاستێکی باشدایە، یەدەگی نەختیش لە ئاستێكی باشدایەو پارەش هەیە".
ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو نیگەرانیانەی وروژێنراون پەیوەندییان بە ئەگەرەکانی داهاتووەوە هەیە وەک هەڵبەزو دابەزی نرخی نەوت یان هەر گرژییەکی هەرێمایەتی کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر داهات هەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" ئەو کەمی نەختینە كاتییە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دوودڵی بەشێک لە هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران كە پەلەناكەن لەوەی پارەکانیان بخەنە ناو بازاڕ، بەڵام کاریگەری لەسەر یەدەگی دراوی نەختینە نییە".
لە چەند رۆژی داهاتوودا نیگەرانییەکان لەبارەی گرژی وئالوزییەکانی و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر بووە و نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری عێراقی نووسیوبووی" ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، رێگری لە عێراق دەكات نەوتەكەی لە باشوور و لەرێگەی دەریاوە هەناردە بكات، بەمەش هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە لە ٣.٤ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ٢١٠ هەزار بەرمیل دادەبەزێت، كە ٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەی لەرێگەی دەروازەی جەیهانی توركیا (مەبەست لە هەناردەی نەوتی كوردستانە)و ١٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەی تری لەرێگەی تانكەرەوە دەڕوات بۆ ئوردن".
ڕاشیگەیاندووە" تەنانەت ئەگەر داخستنی گەرووی هورمز ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش بۆ ١٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، داهاتی نەوتی عێراق لە ٧ ملیار دۆلارەوە بۆ كەمتر لە یەك ملیار دۆلار دادەبەزێت كە ئەمەش بە زەحمەت بەشی دابینكردنی ١٤%ی مووچە دەكات".