وەفدێکی باڵای حزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی عەباس بەیاتی لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبوونەوە و تێیدا تاوتوێی میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزیان کرد کە بتوانێت خواستەکانی هاوڵاتیان دابین بکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی حزبی دەعوە، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی خێراکردنی پرۆسەی سیاسی و جێبەجێکردنی شایستە دەستورییەکان کردەوە لە چوارچێوەی یاساکانی وڵاتدا.
تەوەری سەرەکی سەردانی وەفدەکەی حزبی دەعوە پەیوەست بوو بە پرسی کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە بووەتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر دانانەوەی مالیکی داناوە و هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی دەکات ئەگەر ناوبراو بۆ ویلایەتی سێیەم بگەڕێتەوە سەر کورسی دەسەڵات.
مەسعود بارزانی کە سەرەتا یەکەم کەس بوو پیرۆزبایی لە کاندیدکردنی مالیکی کرد، لە ئێستادا و دوای فشارەکانی واشنتۆن جۆرێک لە گۆڕانکاری لە هەڵوێستیدا دەبینرێت، بە جۆرێک لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی زیاتر جەخت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و بەردەوامیدان بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن دەکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا پەکیکەوتووە و لە کاتێکدا شیعەکان هۆکارەکە بۆ ناڕەزایەتی ناوخۆیی کورد دەگێڕنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا کێشە بنەڕەتییەکە پەیوەندی بە ناکۆکی ناوخۆیی شیعەکان.