چوارچێوەی هەماهەنگی چارەنووسی نوری مالیکی دیاریدەکەن

زۆربەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەرەو ئەوە دەچن کە کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بکشێننەوە و لە کۆبونەوەی چاوەڕوانکراوی خۆیاندا باس لە دیاریکردنی ناوێکی جێگرەوە بکەن چونکە زۆرینەی ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو کاندیدکردنەدا نین.

بەپێی میدیا عێراقییەکان، محەمەد شیاع سودانی لایەنە سیاسییەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە کاندیدکردنی مالیکی نەک هەر لە ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بووەتەوە و داوای کردووە میکانیزمێکی نوێ و دوور لە بەرژەوەندی کەسی بۆ هەڵبژاردنی کاندید پەیڕەو بکرێت.

 ئەم ناکۆکیانە بۆ هۆشدارییەکی توندی دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە کە ڕایگەیاندبوو دەستنیشانکردنەوەی مالیکی بژاردەیەکی زۆر خراپە و ئەگەر ئەو هەنگاوە بنرێت ئەوا ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ عێراق ڕادەگرێت و وڵاتەکە هیچ چانسێکی بۆ گەشەسەندن و ئازادی نامێنێت.

لە لایەکی دیکەوە قاسم ئەعرەجی بە نوێنەرایەتی سەرۆک وەزیران کۆبونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی کاریگەریی گۆڕانکارییە سیاسییە خێراکان لەسەر دۆخی ئەمنی ئەنجامداوە و جەختی لەسەر پێویستی گرتنەبەری دیدێکی نەرم کردووەتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لەم قۆناغەدا.






PM:07:43:22/02/2026