سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەیامێکی نوێدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەرکی نیشتمانیی ئەوان بەرامبەر گەلی عێراق وایان لێ دەکات تەواوی شارەزایی و هەوڵەکانیان بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان تەرخان بکەن تاوەکو وڵات بەرەو قۆناغێکی جێگیرتر هەنگاو بنێت.
نوری مالیکی ئاماژەی بەوە کردووە کە دیدگای ئەوان بۆ داهاتووی وڵات بریتییە لە بونیادنانی عێراقێکی دیموکراسی و مەدەنی کە بەڕووی جیهاندا کراوە بێت و بتوانێت شەراکەتی نێودەوڵەتی پتەو لەگەڵ هێزە جیهانییەکانی وەک ئەمریکا و ئەوروپا دروست بکات بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە گەشەپێدانی هەمەلایەنە بەدی بهێنرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا باسی لەوە کردووە، پەیوەندییە ئابورییەکان لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو دەبنە مایەی دروستکردنی شۆڕشێکی گەورە لە بواری ژێرخانی ئابوری و پەروەردە و پەرەپێدانی کەرتی خزمەتگوزاری و وزە کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی عێراق دەبێت.
لە کۆتاییدا مالیکی دووپاتی کردووەتەوە کە ناسنامەی ئەوان ناسنامەیەکی عێراقی بێخەوشە و سەرچاوەی بڕیارەکانیان تەنها بەرژەوەندی گەلی عێراقە لەگەڵ ئەوەشدا دەستی هاوکاری بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان درێژ دەکەن بەو مەرجەی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای تەواوکاری و بەرژەوەندی هاوبەشی گەلان بێت.