محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شاری بەغدا پێشوازی لە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کرد و کۆبوونەوە، هەردوولا بە وردی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ تەنگژەکان.
لە میانی دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پەنابردن بۆ گفتوگۆ و ڕێگەی دیپلۆماسی وەک تاکە بژاردە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان لە ناوچەکەدا و هەروەها باسیان لە گرنگیی هەماهەنگی ئابوری کرد وەک بنەمایەک بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیریی نێوان وڵاتان.
سودانی لە کۆبوونەوەکەدا پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی نێردە ئەمریکییەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کێشە قووڵەکان لەرێگەی بنبڕکردنی هۆکارە سەرەکییەکانیانەوە چارەسەر بکرێن و داوای کرد ڕێگری بکرێت لە هەر هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەریی وڵاتان و پاراستنی شکۆی گەلانی ناوچەکە.
لای خۆیەوە تۆم باراک ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی عێراقی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و نزیککردنەوەی دیدگای لایەنە ناکۆکەکان و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆڵی بەغدا لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر لەسەر ئاستی هەرێمی.