وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیاند" کە دەست نیشان کردنی سنووری دەریایی عێراق، لەگەڵ یاسای دەریایی نێودەوڵەتییدا گونجاوە و ئاماژەی بەوەشدا دەستوەردان لە دەستنیشانکردنی سنووریی دەریایی قبوڵ ناکات".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە ھەنگاوی بەغدا بۆ ڕادەستکردنی نەخشەی سنوورە ئاوییەکانی بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە" بڕیاری حکوومەتی عێراق ژمارە (٢٦٦)ـی ساڵی ٢٠٢٥، پاڵپشت بووە بە ژمارەیەک لە یاسا و بڕیار و لێدوانە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی عێراق و تایبەتمەندییەکانی لە ناوچە ئاوییەکاندا، ئەمەش بە پێی حوکمەکانی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان بۆ ساڵی ١٩٨٢ و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی".
ڕاشیگەیاند" بڕیاری دەستنیشانکردنی سنوورە ئاوییەکانی عێراق بە ئامانجی کۆکردنەوە و تەواوکردنی رێکارە یاساییە پێشووەکان بووە کە پەیوەستن بە سنوورە ئاوییەکانی عێراقەوە لە یەک بەڵگەنامەدا کە بە خاڵی جوگرافی ورد پشتیوانیی کراوە".
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشکەوتنە ھاتووە کە لە یاسای نێودەوڵەتیی دەریاکاندا رووی داوە، لەوانەش فراوانکردنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی کەناراوەکان و ڕایگەیاند" دەستنیشانکردنی سنووری دەریاییمان لەگەڵ یاسای دەریایی نێودەوڵەتییدا گونجاوە".
ھەروەھا باسی لەوەش کردووە دەستنیشانکردنی سنووریی دەریایی عێراق، پرسێکی سەروەرییە و دەستوەردان لەو پرسە مایەی قبوڵکردن نییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی کوێت، ھەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە وڵاتەکەی بانگکردووە و پێی راگەیاندووە کە ھەنگاوەکەی عێراق لەبارەی پرسی دەست نیشانکرنی سنووریی دەریاییدا، بەزاندنی سنووری دەریایی کوێتە.