جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە ، فواد حسێن لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی ئەمریکا لە سوریا، تۆم باراک لە بەغداد کۆبوەوە، سەبارەت بە چەند پرسێکی پەیوەست بە عێراق و ئێران و سوریا.
دوو شەممە، ٢٣ شوبات ٢٠٢٦، فواد حسێن لە بەغداد لەگەڵ تۆم باراک و کۆبونەوە و ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان پەیوەست بوو بە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و بەردەوامی کارکردنی هاوبەش لە داهاتوودا و چەند تەوەرێکی دیکە.
یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسە عێراقیەکە و بەرپرسە ئەمریکیەکە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمار بوە، لەو بارەیەوە فواد حسێن وتویەتی "پێکهێنانی حکوومەت پرسێکی تەواو ناوخۆییە، بەڵام عێراق رەچاوی بۆچوونی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دەکات، بەتایبەتی ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی، بە ئاراستەیەک کە حکومەتی داهاتوو بتوانێت بە شێوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بکات".
لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ یەکێکە لە پرسە گەرمەکانی جیهان لە کۆبونەوەی نێوان فواد حسێن و تۆم باراکدا باس لە ڕۆڵی عێراق کراوە و وەزیری دەرەوە، ئاماژەی بە مەترسییەکانی هەر گرژییەکی سەربازی لە ناوچەکەدا کرد و دووپاتی کردەوە، عێراق پشتیوانی رێبازی ئاشتییانە دەکات و بە بایەخەوە دەڕوانێتە خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی ئیدارەی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە شاری جنێڤ بە ناوبژیوانی سوڵتانی عومان بەڕێوەبچێت.
لای خۆشیەوە باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی کاروباری سوریا، پێزانینی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق لە گواستنەوەی زیندانیەکانی داعش لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی دەرەوەی وڵات بۆ زیندانەکانی ناوخۆی عێراق، ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانی و جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە یاساییەکان هەژمار کرد.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی کاتی سووریا. هەردوولا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەم رێککەوتنە دەربڕی و جەختیان کردەوە، پابەندبوون بە جێبەجێکردنی، کاریگەری ئەرێنی راستەوخۆی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە