بانکی بازرگانی عێراق: پارە کۆنەکانتان بۆ دەکەین بە پارەی نوێ


بانکی بازرگانی عێراق بڕیارێکی نوێی دا سەبارەت بە گۆڕینەوەی پارەی کۆن بۆ پارەی ناوێ و هاوڵاتیان دەتوانن بەو هۆکارە سەردانی لقەکانیان بکەن.

دوو شەممە، ٢٣ شوبات ٢٠٢٦، بانکی بازرگانی عیراق TBI ڕایگەیاند "بە پشتبەستن بە رێنمایەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، خزمەتگوزاریی گۆڕینەوەی ئەو پارانەی کە زیانیان پێگەیشتووە و تێکچوون، لە تەواوی لقەکانماندا بەردەستە".

ئەو بانکە بەم مەرجانە پارە کۆنەکان دەگۆڕێتەوە:
- ئەو پارانەی بەهۆی بەکارهێنانی زۆرەوە کۆن بوون، بەڵام هیچ بەشێکیان ون نەبووە.
- پارەیەک کە دڕانێکی تێدابێت و درێژییەکەی لە (٣ سانتیمەتر) زیاتر نەبێت و بە شریتی شەفاف چاککرابێتەوە.
- پارەیەک کە سووچێکی قرتابێت بە مەرجێک لە (٢ سانتیمەتر) زیاتر نەبێت.
-ئەو پارانەی لە دوو پارچە پێکهاتوون (ژمارەکانیان جیاوازن) بەڵام رووبەرەکەیان نزیکە لە رووبەری پارە ئەسڵییەکە و پێکەوە لکێندراون.
- ئەو پارانەی کەمتر لە ٪٥٠ی رووبەرەکەیان لەدەستداوە.
 
بە پێی بانکی بازرگانیی عێراق، پرۆسەی گۆڕینەوەکە بەپێی یاسای ژمارە ٥٦ی ساڵی ٢٠٠٤ی بانکی ناوەندی دەبێت و تێیدا جۆر و مەرجەکانی ئەو پارانە دیاریکراون، کە دەگۆڕدرێنەوە.




PM:05:31:23/02/2026