محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دوو ڕێککەوتنی سەرەتایی لە نێوان کۆمپانیا نیشتمانییەکانی نەوت (بەسرە، زیقار، باکوور) و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی کرد.
ڕێککەوتنی یەکەم تایبەتە بە گواستنەوەی ئەرکی بەڕێوەبردنی کێڵگەی نەوتی "ڕۆژئاوای قورنە/٢" بۆ کۆمپانیای شیڤرۆن.
ڕێککەوتنی دووەم لە نێوان کۆمپانیاکانی نەوتی زیقار و باکوور بوو بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ناسریە و چوار ناوچەی دۆزینەوە لە پارێزگای زیقار، لەگەڵ پەرەپێدانی کێڵگەی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کەرتی نەوت و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابوری ئەو پارێزگایانەدا دێت.
بەپێی ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی، کۆمپانیای "لۆکۆیل" گرێبەستەکەی بە شێوەیەکی کاتی دەگوازێتەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە تاوەکو شایستە دارایییەکان یەکلایی بکرێنەوە. دواتر و پاش تەواوکردنی دانوستانەکان، کۆمپانیای نەوتی بەسرە گرێبەستەکە دەگوازێتەوە بۆ کۆمپانیای شیڤرۆن، کە مافی دانوستانی تایبەتی بۆ ماوەی ساڵێک پێدراوە.
ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی نێردەی تایبەتی ئەمریکا و هەڵسوڕێنەری کارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
کۆمپانیای شیڤرۆن یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وزە لە جیهاندا و لە زیاتر لە ١٨ وڵات کاردەکات، هاتنی ئەم کۆمپانیایە بۆ ئەم کێڵگانە وەک وەچەرخانێکی گرنگ لە کەرتی وزەی عێراقدا دەبینرێت.