بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکای دووپاتکردەوە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی حکومەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ودەڵێت" حکومەتێک کە ئێران کۆنترۆڵی بکات، ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی عێراق بخاتە پێش هەموو شتێکەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕۆژنامەی (شەرق الاوسط) لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی نووسیویەتی "ئەمریکا پشتیوانی عێراق دەکات لە هەوڵەکانیدا بۆ گەیشتن بە توانا تەواوەکانی وەک هێزێک بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
ئاماژەی بەوەشکرد" حکومەتێک کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵکراوە ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی عێراق لە پێشینەی کارەکانیدا دابنێت، عێراق لە ململانێ ناوچەییەکان دووربخاتەوە، یان هاوبەشییەکی سودبەخشی هەردوولا لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا بەرەوپێش ببات".
سەرچاوەیەکی فەرمی لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا بۆمیدیا عێراقییەکان ئاشکرای کرد کە " چوارچێوەکە وادەیەکیی نوێی لە ئەمریکا بۆ کشانەوەی کاندیدکردنی مالیکی وەرگرتووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو وادەیە " هەینی داهاتوو کۆتایی دێت، مالیکی ئەندامانی چوارچێوەکەی ئاگاداری کردوونەتەوە کە هیچ نیازێکی نییە لە کاندیدبوونی خۆی بکشێنێتەوە وهەروەها دەبێت (دوو لەسەر سێ)ی ئەوانەی مالیکییان کاندید کردووە دەبێت کاندیدبوونی بکشێننەوە و ئەویش هیچ ناڕەزایەتییەکی نییە بەرامبەر ئەمە، و ئەمەش نزیکترین شتە لە قۆناغی چەند ڕۆژی داهاتوودا".
"چوارچێوەی هەماهەنگی" کە هێزە سیاسییە شیعەکانی حوکمڕانی عێراق لەخۆدەگرێت، شاهیدی ناکۆکییە لەسەر کاندیدکردنی مالیکی بۆ حکومەتی داهاتوو، هاوکات هۆشدارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی مالیکی، کە وایکردووە هێزەکانی ناو هاوپەیمانی هەوڵی ڕازیکردنی ناوبراو بدەن دەست لەکاربکێشێتەوە بەمەبەستی پاراستنی یەکڕیزی چوارچێوەکە.
پەرەسەندنی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ڕاستیدا هەڕەشەی ئاشکرایە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە، کە ڕەخنەگرتن لە شێوەی حوکمڕانی پێشووی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لەخۆدەگرێت کاتێک لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ دوو خولی یەک لەدوای یەک سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە.
لە ٢٤ی ١ی ٢٠٢٦، چوارچێوەی هەماهەنگی، کاندیدبوونی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی حکومەتی یاسایی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی گروپە پێکهێنەرەکانی ڕاگەیاند.