فڕۆکەخانەی بەغدا داخرا

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت بڕوا بە بانگەشەکان مەکەن و باباتەکە پەیوەندی بە پرسی ئەمنییەوە نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند" داخستنی کاتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی بەپەلەوە بووە، کە پێویستی بە گرتنەبەری ڕێکارێکی خۆپارێزی دەستبەجێ هەبووە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ بەرزترین پێوەرە پەسەندکراوەکانی سەلامەتی".

وتیشی" تیمە تەکنیکییە پسپۆڕەکان دەستبەجێ دەستیان کردووە بە کارەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن بەگوێرەی ڕێکارە ستانداردە جیهانییەکان، بەشێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستی و پێوەرەکانی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی (ICAO) بگونجێت، چونکە ئامانجی لەپێشینە بۆ سەلامەتییە وەک کۆڵەکەی سەرەکی بۆ بەردەوامی و کارایی گەشتە ئاسمانییەکان".

ئاماژەی بەوەش کرد کە " لە چەند کاتژمێری کەمی داهاتوودا فڕۆکەخانەکە دەکرێتەوە، ئەوەش هەر کە کارەکانی چاککردنەوە و پشکنینە تەکنیکییە کۆتاییەکان تەواو بوون".

سافی بە " توندی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە لە هەندێک پلاتفۆرمی میدیایی و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکاندا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بوونی کێشەی ئەمنی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی کە ڕێگر بووبێت لە کردنەوەی فڕۆکەخانەکە، و جەختی کردەوە کە "ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پەسەندکراو نابەستن".



AM:10:10:25/02/2026