بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی بەغدا لابراو روبەرووی لێکۆڵینەوە دەکرێت


بە فەرمانی وەزیری گواستنەوە (بە وەکالەت ) خالید شوانی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی بەغدا لە کارەکەی دوورخرایەوەو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەری  پێکهێنرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، خالید شوانی، وەزیری گواستنەوە بە وەکالەت، فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و (دوورخستنەوەی کاتی لە کار) بۆ بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەرکرد.

وەزارەتی گواستنەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "خالید شوانی، وەزیری گواستنەوە بە وەکالەت، ڕێنمایی داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلە بۆ زانینی وردەکارییەکانی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە شەوی ڕابردوودا، ئەوەش دوای بڕانی کارەبا لە سیستەمی ڕووناکیی نۆرەداری (مەلاحی)، کە بووە هۆی پەککەوتنی کاتیی هاتوچۆی فڕۆکەوانی".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە" وەزیر جەختی لەسەر پێویستیی تەواوکردنی کارەکانی لیژنەکە و بەرزکردنەوەی ڕاسپاردەکانی لە ماوەی هەرە زۆری (٧٢) کاتژمێردا کردووەتەوە، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەپێی ئەو ئەنجامانەی پێی دەگەن، بە جۆرێک کە دەستەبەری دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە لە داهاتوودا بکات".

هەروەها شوانی فەرمانی دا بە " لابردنی کاتی " بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا تا کاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکە، ئەمەش لە چوارچێوەی پەرۆشی بۆ جێبەجێکردنی پرەنسیپی لێپرسینەوەی کارگێڕی و دەستەبەرکردنی بەڕێوەچوونی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە بە شەفافیەت و پپرۆفیشناڵی".

بەیانی رۆژی چوار شەممە راگەیەندرا کە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا بەهۆی کەموکوڕی تەکنیکیەوە راگیراوەو، لە دوێنێ شەوەو فڕۆکەخانەکە گەڕەلاوژێ و پشێویەکی زۆری بەخۆوە بینی. 




PM:03:23:25/02/2026