بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزێکی ئەمنیی تایبەت یەزن مەشعان جبووری، کوڕی سیاسەتمەداری ناسراوی عێراقییان لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا دەستگیرکرد.
مەشعان جبووری باوکی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کوڕەکەی و بەرەو شوێنێکی نادیاریان بردووە، ئەمەش دوای دەرچوونی فەرمانی فەرمی لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخەوە.
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، یەزن جبووری تۆمەتبارە بەوەی بەبێ مۆڵەتی فەرمی، سیفەت و پلەی وەزیفیی مەدەنی بەکارهێناوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی تایبەت.
لە ئەنجامی ئەم کارە نایاساییانەشدا، تۆمەتبارکراوە بە وەرگرتنی بڕی ٤١ ملیار دینار، کە بەپێی یاسا وەک تێوەگلان لە گەندەڵی و هەڵخەڵەتاندن هەژمار دەکرێت.
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک بەبێ سیفەتی فەرمی خۆی وەک فەرمانبەر یان پلەدار بناسێنێت بە مەبەستی دەستکەوتی ماددی، ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
یاساکە جەخت دەکاتەوە، سزای ئەم تاوانە دەگاتە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە ١٠ ساڵ زیاتر نەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکانی دادگا لەسەر چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئەو بڕە پارە زەبەندە کۆتاییان دێت.