ئاسایشی نیشتمانی عێراق: ١٧ کەس بە تۆمەتی خەڵەتاندنی گەنجان دەستگیرکران


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان دەستگیرکردنی ١٧ تۆمەتباری ڕاگەیاند بە هۆکاری "خەڵەتاندنی گەنجان و بردنیان بۆ ناو سوپای ڕوسیا".

هەینی، ٢٧ شوبات ٢٠٢٦، سەعید جەیاشی، راوێژکاری ستراتیژی لە ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، ڕایگەیاند "دوو لە دەستگیرکراوەکان سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە، چونکە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی چوونە ناو هێزی سەربازیی بیانی بەبێ رەزامەندیی حکومەت قەدەغەیە و سزای تووندی هەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا ناردنی قوتابیانی بۆ رووسیا لەمساڵدا راگرتووە، تاوەکو رێگری لەو باندانە بگرێت کە گەنجان لە رێگەی گرێبەستی خوێندنی وەهمییەوە پەلکێشی جەنگ دەکەن".

ئەو ڕاوێژکارە ئاماژەی بەوەش کردوە کە " رەزامەندیی باڵای حکومی هەیە بۆ سەردانیکردنی رووسیا و ئۆکرانیا بە مەبەستی گفتوگۆی سیاسی لەسەر ئەم بابەتە، بەتایبەت کە زانیارییەکان ئاماژە بە هەبوونی چەندین دیلی عێراقی لە ئۆکرانیا دەکەن کە ریزەکانی رووسیادا شەڕیان کردووە".

سەعید جەیاشی باسی لەوەش کرد  "حکومەتی عێراق بە جدی هەوڵی گەڕاندنەوەیان دەدات و بە نیازە لە رێگەی پەیوەندی و هەماهەنگییەوە، نامەیەکی فەرمی ئاراستەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بکات، بۆ وەرگرتنەوەی ئەو عێراقییانەی کە تێوەگلاون و ئێستا لەلایەن ئۆکرانیاوە بە دیل گیراون".




AM:09:33:27/02/2026