سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا کۆبوونەوە و تێیدا تیشکیان خستە سەر پێویستی و گرنگی رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم ماف و شایستە دەستوورییەکان لە قۆناخی داهاتووی وڵاتدا.
ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی شوبات، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دراوە کە فایەق زێدان پێشوازی لە تۆم بەڕاک کردووە و هەردوولا بە وردی باسیان لە میکانیزمەکانی کارکردنی دەسەڵاتی دادوەری کردووە وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە یاساییەکان.
ئەم دیدارە دیپلۆماسییە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە ناوەندی سیاسی و شەقامی عێراقی بە بایەخەوە دەڕواننە یەکلاکردنەوەی کۆمەڵێک دۆسیەی دەستووریی چارەنووسساز کە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری وڵات هەیە.
دەسەڵاتی دادوەری لەم قۆناخەدا وەک تاکە گرەنتیکار و پارێزەری بنەماکانی دەستوور دەبینرێت کە دەتوانێت پرۆسە سیاسی و یاساییەکان لە ململانێ و جەمسەرگیرییە حزبییەکان دوور بخاتەوە و دادپەروەری بۆ هەمووان دەستەبەر بکات.
تۆم بەڕاک کە وەک نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و ناوچەکە سەردانی بەغدای کردووە پێشتریش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە ئەنجامداوە.
نێردەکەی سەرۆک ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە کە گفتوگۆکانی لە عێراق بەرهەمدار بوون و واشنتن پاڵپشتی لە عێراقێکی خاوەن سەروەری و گەشەسەندوو دەکات.
جەختی کردەوە کە هەبوونی سەرکردایەتییەکی کارا لە بەغدا کە کار بۆ چەسپاندنی سەقامگیری بکات بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای سەرۆک ترەمپ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە تەواوی ناوچەکەدا و برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.