نوری مالیکی و تۆم باراک کۆبوونەوە

نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و عێراق کرد و تێیدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ئیستحقاقە نیشتمانییەکانی داهاتوویان تاوتوێ کرد کە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە.

لە میانی دیدارەکەدا نوری مالیکی ئاماژەی بە گرنگی پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوی دیموکراتی و بەهێزکردنی سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا کرد و ڕایگەیاند'' پێویستە ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق و بژاردەکانی گەلی عێراق بگیرێت.''

 هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان بەغداد و واشنتۆن کردەوە لەو دۆسیانەی جێی بایەخی هەردوولان.

لەلای خۆشیەوە، تۆم باراک نێردەی ئەمریکا ئاماژەی بە پێگەی گرنگی عێراق کرد لە نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا و جەختی لەوە کردەوە، عێراق دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشە هەرێمییەکان و کەمکردنەوەی ئاستی گرژی و ململانێکان لەرێگەی هاندانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا.

لە کۆتایی دیدارەکەدا جەخت لەسەر بایەخی بەردەوامبوونی کارە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش کرایەوە، بە جۆرێک کە عێراق وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە و هاوکار بێت لە چەسپاندنی ئاشتی و ڕێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک کە ببێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی وڵات.




PM:05:56:27/02/2026