تۆم باراک داوا لە مالکی دەکات پاشەکشە بکات لە خۆ کاندید کردن


بۆ یەکەمجار نوێنەرەکەی ترەمپ بۆ سوریا، تۆم باراک سەردانی مالکی دەکات و پەیامی سەرۆکی ئەمەریکای پێڕادەگەیەنێت کە پێویستە خۆی لە کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بکشێنێتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانجی سەردانەکە کە ئەمڕۆ هەینی ٢٧ ی شوبات ئەنجامدرا لە بنەڕەتدا بۆ گەیاندنی پەیامی دەست کشانەوە بووە لە خۆ کاندیدکردن، هاوکات باس لە دۆخی سیاسی ناوچەکە کراوە.

وەک میدیای نزیکی مالکی بڵاویانکردۆتەوە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختی لە گرنگی پشتگیریکردنی ڕێڕەوی دیموکراسی و بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا کردەوە.

 مالیکی ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ڕێز لە سەروەریی عێراق و بژاردەکانی گەلی عێراق بگیرێت، هاوکات جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کردەوە لەو دۆسیانەی جێی بایەخی هاوبەشن.

لای خۆیەوە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، ئاماژەی بەو ڕۆڵە گرنگە کرد کە عێراق دەیگێڕێت لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی ئاستی ململانێکان، جگە لە پشتگیریکردنی گفتوگۆ و بەردەوامبوون لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.




PM:10:44:27/02/2026