نوسینگەی عەلی سیستانی، ڕێبەری شیعەکانی عێراق بە بۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵیت "لە گەلی مەزنی ئێران چاوەڕوان دەکرێت ئەوەیە کە یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن و ڕیزەکانیان توندوتۆڵ بکەن، و ڕێگا نەدەن دەستدرێژیکاران ئامانجە شوومەکانیان بەدی بهێنن".
یەک شەممە، ١ ئادار ٢٠٢٦، عەلی سیستانی، ڕێبەری شیعەکانی عێراق ڕایگەیاند "سەرەخۆشی لە گەلی ئێران دەکەین بۆ شەهیدبوونی سەید عەلی خامنەیی، پێگە باڵاکەی سەید خامنەیی و دەورە بێوێنەکەی لە ڕێبەرایەتیکردنی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە".
هەر ئەمڕۆ، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، رایگەیاند، "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، سەرەخۆشی لە گەلی ئێران و ئوممەتی ئیسلامی دەکەین بۆ شەهیدبوونی رێبەری باڵا سەید عەلی خامنەیی، کە لە ئەنجامی دەستدرێژییەکی ئاشکرا و کارێکی سەرکۆنەکراودا بووە قوربانی"، هەر بەو هۆکارە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاندراوە.
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان.