وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند'' عێراق کەوتووەتە ناو جەرگەی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە جوگرافیای عێراق بووەتە ڕێڕەوی ئەم جەنگە، بەجۆرێک ئێران بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنی بەرامبەریش پێگەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق دەکاتە ئامانج.''
فوئاد حسێن، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هامیش فالکۆنەر، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەردوولا پێشهاتە سەربازییەکانیان تاوتوێ کرد. وەزیرە بەریتانییەکە ئاماژەی بە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کرد و وتی'' ئاسانکاری بۆ هێزەکانی ئەمریکا دەکرێت لە ناوچەکەدا، هاوکات جەختی لە مەترسییەکانی بەئامانجکردنی وڵاتانی کەنداو و تێکچوونی ئاسایشی هەرێمایەتی کردەوە.''
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دا لەوەی بەردەوامی ئەم گرژییانە دەبێتە هۆی نائارامییەکی گەورە و پشێوی لە ناوچەکەدا دروست دەکات،
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە کرد کە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ، چونکە بەردەوامی ململانێکان زیانی مرۆیی و ئەمنی گەورەی لێدەکەوێتەوە و زەمینەی سەقامگیری لەناو دەبات.